زێى گه‌وره ئه‌و ئه‌ژدیهاكه‌ى ته‌نها له مانگێكدا گیانى چوار كه‌سی رفاند راپۆرت: عیسا بۆتانى، فه‌رهاد بلباس زێى گه‌وره ئه‌و رووباره‌یه كه سه‌رچاوه‌كه‌ى له كوردستانى باكووره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت و له رِێرِه‌وى خۆیدا به نزیك قه‌زاى خه‌بات دا ره‌ت ده‌بێت... له‌گه‌ل ئه‌وه‌ى خێر‌و بێرى به‌سه‌ر قه‌واره‌یێكی زۆرى زه‌وى زارى كوردستانه‌وه هه‌یه، له هه‌مان كاتیش‌دا شه‌پۆڵه تیژ‌و گێژه‌نه‌كانى سالاَنه چه‌ندین كه‌س له ئامێزى خۆیدا وون ده‌كات و هه‌تا هه‌تا له ژیان دایانده‌برِێنىَ. ئاوى زىَ به‌لاَى دانیشتووانى ده‌ڤه‌رى خه‌بات له‌شێوه‌ى ئه‌هریمه‌نه و ئه‌فسانه‌ى نقووم كردنى مرۆڤه‌كان و هاشه و خورِه‌ى شه‌پۆڵه‌كان له‌زارى به‌سالاَچووان دا پشتا و پشت ده‌گێرِدرێته‌وه، هه‌تا ئه‌و رادده‌یه‌ى كه خه‌بات و كه‌له‌كى یاسین ئاغا ببنه وێستگه‌یه‌ك بۆ گرتنه‌وه‌ى ته‌رمى خنكاوانى ده‌رامى وناشتنیان له گۆرِستانێكی تایبه‌ت و ناوزده‌كردنى به گۆرِستانى غه‌ریبان. هاوار و لرفه‌ى شه‌پۆڵه‌كانى زێى گه‌وره له وه‌رزی زیادبوونى ئاستى ئاو بۆته هێماى مه‌ترسی و بانگه‌واز و داخوازكردنى خوێن ده‌گه‌یه‌نىَ به‌لاى دانشتووانى لێواره‌كه‌ى هێوربوونه‌وه‌شى پێویستى به به‌خشینى قوربانى هه‌یه. بۆ ریگریی كردن له رفاندنى رۆحی كه‌سه‌كان كه سالاَنه بێهووده ده‌بنه قوربانى و له‌زێ دا نقووم ده‌بن به باشمان زانى سه‌باره‌ت به‌و رووداوه جه‌رگ برِانه‌ى خنكان ئه‌م راپۆرته بكه‌ین. دروست كردنى كه‌مپێكی پۆلیسی ده‌م رووبار له‌سه‌ر زێی گه‌وره ئاسان نیه * رزگار مسته‌فا قایمقامی قه‌زاى خه‌بات له‌سه‌ره‌تادا وێرِاى خستنه‌رِووى مه‌ترسییه‌كانى مه‌له‌كردن له رووبار‌ى زێی هۆشداریی ئه‌وه‌شى دا كه‌وا سالاَنه چه‌ندین كه‌س به‌هۆى خۆ خستنه نێو ئاو بۆ مه‌به‌ستى مه‌له‌كردن گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و ده‌خنكێن و بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و رووداوانه‌ش باسى له چه‌ند پلانێك كرد: - گرووپێكی فریاكه‌وتن له قه‌زاى خه‌بات دا هه‌یه كه به‌ر له سالاَنێكه دامه‌زراوه و له‌لایه‌ن پارێزگاى هه‌ولێره‌وه هاوكارییان بۆ دابین كراوه و به‌شداریی خولى تایبه‌ت بووه و ئه‌و گرووپه هه‌موو پێداویستییه‌كیانى فریاكه‌وتنی ژێر ئاو كه‌وتنییان بۆ ده‌سته‌به‌ر كراوه، به‌لاَم له‌به‌ر نه‌بوونى شوێنی پاراستنییان ئه‌و كه‌لوپه‌لانه بێ كه‌ڵك بوونه و ئێستا بۆ به‌كارهێنان ناشێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئاوى زێی گه‌وره جێگیر نییه بۆیه تێمى فریاكه‌وتن به به‌رده‌وامى له‌سه‌ر لێواره‌كه‌ى دا نین و دروست كردنى كه‌مپێك بۆ تیمه‌كه له‌سه‌ر زێ ئاسان نییه، به بینینى ئێمه هیچ تیمێك ناتوانىَ كرداریی رزگار كردن وه‌كو پێویست ئه‌نجام بدات... چونكه رووداوى خنكان له چه‌ند خوله‌كێك تێناپه‌رِێت و ئه‌سته‌مه له‌و كاته كه‌مه‌دا بگاته سه‌ر رووداوه‌كه و كه‌سه‌كان له خنكان رزگار بكرێن. ئه‌وه‌ى گرفته بۆ ئێمه له‌كاتى خنكاندا كه‌سوكاری خنكاوه‌كه و خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر لێوارى زێ دا كۆ ده‌بنه‌وه و ئه‌گه‌رى خنكانى كه‌سی دیكه‌شی لێ چاوه‌رِىَ ده‌كرىَ و كه‌سوكارى خنكاوه‌كه‌ش تووشی ئازارێكی زۆرى ده‌روونى ده‌بێته‌وه، تیمه‌كانى فریاكه‌وتنیش ئه‌ركه‌كانیان ده‌رهێنانى ته‌رمه‌كه ده‌بێت كه گرینگیێكی زۆرى هه‌یه چونكه تا وه‌كو ته‌رمه‌كه له ئاودا بێت دۆخێكی نا ئارام هه‌یه. سرووشتى زىَ وه‌كو مه‌له‌وانگه نییه و له مه‌له‌وانگه‌دا كێرڤى قوڵبوونه‌وه به روونى دیاره كه‌چى لێره‌دا به‌هۆى كارگه‌كان ئوتۆگرافییاى رووبار گۆرِانی به‌سه‌ردا هاتووه‌و قولاَییان زۆر جیاوازه به به‌راورد له‌گه‌ل سالاَنى پێشوو...خه‌ڵكی ناشاره‌زا به تایبه‌تى هى ده‌ره‌وه‌ى ناوچه‌كه ده‌كه‌ونه نێو قولاَییه‌كان و به‌هۆى نه‌زانینیان له مه‌له‌كردن دا ده‌خنكێن. ئێمه برِیارمان داوه تابلۆى ئاگاداركردنه‌وه‌ى مه‌ترسی له‌سه‌ر زىَ دانێین و له رِۆژانى هه‌ینیش كه ژماره‌ى گه‌شتیاران زۆرترن مه‌فره‌زه‌و تیمی فریاكه‌وتن كاراتر به ئه‌ركه‌كانیان هه‌ستن كه هه‌رگیز له‌و برِوایه‌دا نیم كه كرداریی رزگار كردن سه‌دا سه‌د سه‌ركه‌وتوو بێت ته‌نها له كاتێكدا نه‌بێت ئه‌گه‌ر تیمه‌كه زۆر له شوێنی رووداوه‌كه نزیك بن. تیمه‌كه توانیوویانه رۆڵیان هه‌بێت توانیوویانه رۆڵیان هه‌بێت و ئێمه‌ش له‌لایه‌ن خۆمانه‌وه داواى كه‌لوپه‌لى باش و پترمان بۆیان كردووه... هاوینى ئه‌مساڵ واى بۆ ده‌چین كه‌وا رێژه‌ى خنكان كه‌متر بێت له‌چاو سالاَنى پێشوو به‌هۆى باشتربوونى ره‌وشی كاره‌با كه خه‌ڵكان له‌تاو گه‌رماى هاوین روو ده‌كه‌نه سه‌ر رووبار و هه‌ر وه‌ها كه‌مى ئاویش له‌م رووه‌وه كاریگه‌رى هه‌یه. داواكارم له هاوولاَتیان چ دانیشتووى خه‌بات یان ئه‌وانه‌ى له شار و شارۆچكه‌كانى دیكه روو له ناوچه‌كه‌مان ده‌كه‌ن ئاگادرى ئه‌و مه‌ترسییه بن كه مه‌له‌كردن له‌زىَ دا ده‌بێته هۆى روودانى كاره‌ساتى خنكان و گیان له‌ده‌ستدانیان بۆیه پێویسته لێی دوور بكه‌ونه‌وه. رێژه‌ى خنكان له‌زىَ دا په‌یوه‌سته به زۆریی و كه‌مى ئاو * موقه‌ده‌م ئه‌زوه‌ر تالب به‌رِێوه‌به‌رى پۆلیسی خه‌بات پرِژایه سه‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ى كه‌وا ده‌بنه مایه‌ى روودانى خنكان له‌زىَ دا و سه‌باره‌ت به بلاَوكردنه‌وه‌ى هوشیارى و دووركه‌وتنه‌وه له مه‌له‌وانى له‌نێو رووباره‌كه‌دا گوتى: - بوونى كارگه‌كانى قوم و چگل رێرِه‌وى زێیان تێكداوه و هه‌مووى بۆته قۆرت كه خنكانى لێده‌كه‌وێته‌وه، پێویسته بایه‌خ به‌و تیمه بدرىَ كه‌وا له خه‌بات دا هه‌یه و خولى چرِتریان بۆ بكرێته‌وه له‌وه‌ى كه بینیویانه. ئێمه هاوكارى وهه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ل تیمه‌كه‌دا هه‌یه كه زۆر جار به ئه‌رك ره‌وانه‌ى شوێنى دوورمان كردوون، ئێمه به باش ده‌زانین كه بنكه‌یێكی جیگیر له‌سه‌ر رووباردا هه‌بێت كه به پۆلیسی ده‌م رووبار ده‌ناسرێته‌وه و به‌هۆى به‌له‌مه‌كانیانه‌وه چاودێرى خه‌ڵكان بكه‌ن به تایبه‌تى له وه‌رزى هاوین و ئه‌و رۆژانه‌ى كه‌وا ژماره‌ى گه‌شتیاران پترن له‌سه‌ر زێی گه‌وره. روودانى كاره‌ساتى خنكان په‌یوه‌سته به حكوومه‌ت و ناهوشیاریی هاوولاَتیان كه ده‌بێت به‌بێ شاره‌زایی له شوێنێكدا مه‌له بكه‌ن كه نازانن قولاَییه‌كه‌ى چه‌نده یان له ئاست و شاره‌زایی خۆیان له مه‌له‌كردن دڵنیا نین، رێژه‌ى خنكان به‌پێی زۆریی و كه‌مى ئاو گۆرِانى به‌سه‌ردا دێت و له‌م سالاَنه‌ى دوایی كه ئاستى ئاوى زىَ كه‌متربۆته‌وه رێژه‌ى خنكانیش كه‌متر بۆته‌وه. رۆڵى راگه‌یاندنیش كاریگه‌ریی هه‌یه كه ئه‌م رووداوه جه‌رگ برِاوانه ده‌گوازێته‌وه خه‌ڵكی پتر له مه‌ترسییه‌كانى مه‌له‌كردن له رووباردا تێده‌گه‌ن و هوشیاریی بلاَو ده‌بێته‌وه، زۆر جار بووه له‌گه‌ل كه‌سوكارى خنكاوان تووشی كێشه ده‌بینه‌وه كه ده‌مانه‌وێت هۆكارى خنكانه‌كه بزانین و ئامارى ته‌واومان له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌بێت هه‌ر وه‌ها بۆمان روون بێته‌وه كه سالاَنه چه‌ند رووداو رووده‌ده‌ن و به شێوه‌یێكی زانستى ته‌رمه‌كان كردارى توێكارییان بۆ بكرێت. له رێگاى گۆڤارى ده‌شته‌وه داوا له هاوولاَتیان ده‌كه‌ین كه ئاگادارى خۆیان بن و بزانن كه رووبار شوێنێكی شیاو نیه بۆ مه‌له‌كردن، ئێمه له خه‌مى ئه‌وانه تێده‌گه‌ین كه یه‌كێكیان ده‌خنكێت و به‌شداریی خه‌مى ئه‌وانین به‌لاَم له‌كاتى خوانه‌خواسته روودانى خنكانیش پێویسته كه‌سوكارى خنكاوه‌كه هاوكارمان بن بۆ ئه‌وه‌ى رووداوه‌كه تۆمار بكرێت و رێوشوێنى یاسایی بگیرێته به‌ر. كه ئێمه ئاگادار ده‌كرێینه‌وه ئه‌وسا مرۆڤه‌كان خنكاون * رائید مامه‌ند ساڵح ئه‌فسه‌رى بنكه‌ى پۆلیسی فریاكه‌وتنى خه‌بات له‌باره‌ى كاروبار و ئه‌ركى تیمه‌كه‌یان دوا كه هاوشان له‌گه‌ل كه‌موكورِى و پێداویستییه‌كان تاكه تیمن كه به درێژایی رووبار‌ى زىَ به‌هاناى خه‌ڵكه‌وه ده‌چن..و هه‌روه‌ها زۆر شتى دیكه‌شی روون كرده‌وه: -سالێك ده‌بێت تیمه‌كه‌ى ئێمه دامه‌زراوه و كه‌لوپه‌لى ژێرئاوكه‌وتنمان بۆ دابین كراوه كه‌چى له‌گه‌ل ئه‌وه‌ى كه زۆر به‌كار هاتووه له‌كار كه‌وتوونه، و ئه‌ندامانى تیمه‌كه‌مان كه له‌شه‌ش كه‌س پێكهاتوونه بۆ ماوه‌ى (45) شه‌و به‌شدارى خول بوونه. چونكه سنوورى زێ و چالاكی ئێمه فراوانه و روودانى خنكان زۆر روو ده‌دات بۆیه تێمێكی بچووكی وه‌كو ئه‌وه‌ى ئێمه ناتوانێت كۆنترۆڵى هه‌موو رووداوه‌كان بكات و پێویسته تیمه‌كه فراوانتر بكرێت و پێدوایستی پتریان بۆ دابین بكرێت... یا ئه‌وه‌تا بنكه‌یێكی پۆلیسی ده‌م رووبار بكرێته‌وه كه به‌رده‌وام ئاماده‌ییان له‌سه‌ر لێوارى زێ دا هه‌بێت به تایبه‌تى ئه‌و شوێنانه‌ى كه‌وا خه‌ڵكی زۆر به مه‌به‌ستى مه‌له‌كردن لێی كۆ ده‌بنه‌وه و فریاى ئه‌وه بكه‌ون كه‌وا فریاى خه‌ڵكی بكه‌ون، به‌لاَم كه ئێمه ئاگادر ده‌كرێینه‌وه خنكانه‌كه رووى داوه و ئیتر تیمه‌كه‌مان ته‌نها ئه‌وه‌ى بۆ ده‌كرىَ كه ته‌رمى خنكاوان له زێ دا ده‌ربهێنێت كه جارى وا هه‌یه بۆ چه‌ندین كیلۆمه‌تر به ئاودا رۆیشتوون و بینینه‌وه‌ى ته‌رمه‌كان چه‌ندین رۆژ ده‌خایه‌نێت. ساڵى پار 2008 نزیكه‌ى (12) رووداوى خنكان هه‌بووه كه هه‌موویان له‌سنوورى خه‌بات نه‌بوونه كه‌چى له‌نێو رووبار‌ى زێی گه‌وره‌دا خنكانه‌كان روویان داوه له ناوچه‌كانى بێخمه وپردىَ وله‌م رووداوانه (4)یان له خه‌بات بوونه، رووداوه‌كان هه‌مووى له یه‌ك شوێن روو ناده‌ن تا وه‌كو ئێمه له‌و شوێنه ئاماده‌ییمان هه‌بێت و باشترین رێگاچاره ئه‌وه‌یه كه بنكه‌ى پۆلیسی ده‌م رووبار به هه‌موو پێداویستییه‌كانه‌وه له‌وىَ دامه‌زرێت. زۆربه‌ى زۆرى ئه‌وانه‌ى ده‌خنكێن خه‌لكی خه‌بات نین و به ده‌گمه‌ن خه‌ڵكی خه‌باتى تێدایه و دانانى تابلۆى مه‌ترسی له‌شوێنى قوڵ و گێژه‌ن ده‌رنجامى نابێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ى درێژایی زێ زۆره و نازاندرىَ خه‌ڵكان بۆ مه‌له‌كردن روو له چ شوێنێك ده‌كه‌ن، له‌كاتى ده‌رهێنانى ته‌رم و ئه‌نجامدانى كردارى ژێرئاوكه‌وتن رووبه‌رِووى ئاسته‌نگى زۆر ده‌بینه‌وه و خه‌ڵكێكی زۆر له‌سه‌ر زىَ كۆ ده‌بنه‌وه و ده‌بنه رێگر له‌وه‌ى تیمه‌كه‌مان بتوانن وه‌كو پێویست به ئه‌ركه‌كانیان هه‌ستن. سی ته‌رمى خنكاوانم له زىَ دا ده‌رهێناوه * كاكل عه‌بدولرِه‌حمان دانیشتووى شارۆچكه‌ى كه‌له‌كى یاسین ئاغایه و به‌پێی ئه‌وه‌ى كه سالاَنێكی زۆره خه‌ریكی كارى ماسیگرتنه بۆیه شاره‌زایی له مه‌له‌كردندا هه‌یه و ئه‌وش هۆكارێك بووه كه بتوانێت ته‌رمى چه‌ندین خنكاو له رووبار‌ى زێ دا ده‌ربهێنێت، له میانى قسه‌كردنیدا سه‌باره‌ت به دیارده‌ى خنكان چه‌ندین یادره‌وه‌ریی تاڵى گێرِایه‌وه كه هه‌رگیز له‌یادیان ناكات: - ئه‌وانه‌ى كه ده‌خنكێن كارامه‌ییان له مه‌له‌كردندا نیه هه‌رچه‌نده به‌هۆى كارگه‌كانى ده‌رهێنانى قوم و چگل رێرِه‌وى زىَ گۆرِاوه و نه‌ك ته‌نها كه‌سی نا مه‌له‌وان جارى وا هه‌بووه هى مه‌له‌وانیش دووچارى خنكان بوونه، من نزیكه‌ى (30) ته‌رمم له زىَ دا ده‌رهێناوه و زۆر له‌وانه‌ى ته‌رمى خنكاوان له رووبار ده‌رده‌هێنن ماسیگره‌كانن كه به‌هۆى تۆرِ و چنگال كرداره‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ن. مانه‌وه‌ى ته‌رم له ئاودا په‌یوه‌سته به پله‌ى گه‌رما و له هاویندا نزیكه‌ى پێنج رۆژ ده‌مێنێته‌وه و له زستانیشدا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى لىَ ده‌كرىَ تا (20) رۆژ نه‌كه‌وێته سه‌ر ئاو، من بۆ بینینه‌وه‌ى ته‌رمى منداڵێكی خۆمان له كه‌له‌كه‌وه تا گوێرِ و شرگات بۆ ماوه‌ى (28) رۆژ به دواى دا گه‌رِام و نه‌مدۆزییه‌وه و به هه‌ڵكه‌وت له‌لاى گوندى كۆده‌ره كه‌سێكی گوندى بێخمه خنكابوو ته‌رمه‌كه‌ى گه‌یشتبووه ئه‌وىَ و له‌برى ته‌رمى منداڵه‌كه‌مان ده‌ستم له ئه‌و گیر بوو ده‌رم هێنا... ته‌رمه‌كه‌ى ته‌واو شێوا بوو كه هه‌رگیز له‌یادم ناچێت و چه‌ندین رووداوى جه‌رگ برِى له‌و شێوه‌یه‌م دیووه. چونكه ته‌مه‌نى خۆمم له ماسی گرتندا به‌سه‌ر بردووه بست به بستى ئه‌م زێیه شاره‌زام و ده‌زانم قولاَییان چه‌ند ده‌بێت و له‌برى ده‌رهێنانى ته‌رمى خنكاوان هیچ پادداشت وه‌رناگرم و وه‌كو كارێكی مرۆڤایه‌تى ده‌یكه‌م. من به‌خۆم رووداوى له‌مجۆره‌م تووش نه‌هاتووه به‌لاَم زۆر ماسیگر له‌و كاته‌ى تۆرِه‌كانیان بۆ ماسیگرتن هه‌ڵداوه‌ته نێو زىَ له ته‌رمى خنكاوێك گیر بووه و به‌م هۆیه‌شه‌وه كه‌سی وا هه‌بووه وازى له كارى ماسیگرتن هێناوه. دواى پانزه ساڵ بینینه‌وه‌ى گۆرِى خنكاوێك *عه‌بدولستار سدیق كورِى یه‌كێك له خنكاوانى زێی گه‌وره‌یه كه ته‌رمی باوكی له رووباره‌كه‌دا بزر ده‌بێت و دواى ره‌تبوونى پانزه ساڵ گۆرِه‌كه‌ى ده‌بیننه‌وه، له‌و راپۆرته‌مان رێگه‌مان پێی دا به‌سه‌رهات و چۆنیه‌تى خنكان و بینینه‌وه‌ى گۆرِى باوكیان باس بكات: - له یادمه كه هه‌واڵى خنكانى باوكمیان هینا ئه‌وسا بچووك بووم رۆژى 20/3/1993 بوو...باری ئابوورى خانه‌واده‌كه‌مان باش نه‌بوو باوكم له‌سه‌ر زێ كارى قاچاغی ده‌كرد له نزیك گوندى مه‌تراد و ئه‌وسا ره‌بییه‌ى له‌شكرى رژێمی به‌عس له‌وىَ نزیك بوو. رۆژێكیان سوپاكه هێرِش دێنێته سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌و ئه‌وانه‌ى له‌وىَ كار ده‌كه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ى باره‌كانیان و رزگار كردنى خۆیان بارى زۆر له به‌له‌مه‌كه‌یان بار ده‌كه‌ن بۆیه له زێ دا وه‌رده‌گه‌رِێن كه وه‌رزى به‌رزیی ئاستى ئاو ده‌بێت.. بۆیه له‌گه‌ل دوو كه‌سی دیكه به ئاودا ده‌چن و خۆیان بۆ ناگیرێته‌وه و ته‌نها یه‌كێكیان لىَ ده‌رده‌چێت و باوكم و یه‌كێكی دیكه ده‌خنكێن. دواى ئه‌وه و تا نیوه‌ى ساڵى 2004 به‌دواى ته‌رمه‌كه‌ى دا گه‌رِاین و بۆمان نه‌دۆزرایه‌وه. ژیان كردن ئه‌و كاتانه زۆر ئه‌سته‌مه كه مرۆڤ هیچ له چاره‌نووسى باوكی نه‌زانێت و نه‌توانێت سه‌ردانى گۆرِه‌كه‌ى بكات، هه‌ندێك جار ئه‌وه‌مان به هزردا ده‌هات كه باوكمان ماوه و رۆژێك له ده‌رگا ده‌دات و ده‌گه‌رِێته‌وه. ئه‌و رارِایی و نارِه‌حه‌تیه‌ى ئێمه نزیكه‌ى پانزه ساڵ درێژه‌ى كێشا تا به‌ر له ماوه‌یه‌كه كه كچێكی گونده‌كه‌مان (كۆنه كه‌له‌ك) ده‌خنكێت و كه‌سوكارى به دواى ته‌رمه‌كه‌یدا ده‌گه‌رِێن و دواى حه‌فته‌یه‌ك گه‌رِان ده‌گه‌نه گوندێكی سه‌ر لێوارى زێ به‌ناوى (زماره) له ده‌ڤه‌رى گوێرِ، پرسیارى ته‌رمى كێژه‌كه‌یان له خه‌ڵكی گونده‌كه ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش دێینه سه‌ر باسی ئه‌وه‌ى كه به‌ر له پانزه ساڵ ته‌رمێك به‌ناوى (سدیق بابه‌شێخ) به زىَ دا هات و ئه‌وانیش له گونده‌كه‌ى خۆیان ناشتیان. ئه‌وه‌بوو كه‌سوكارى كچه خنكاوه‌كه ئێمه‌یان ده‌ناسی و هه‌واڵه‌كه‌یان به ئێمه گه‌هاند و ئێمه‌ش چووینه سه‌ر گۆرِه‌كه‌ى و سوپاسگوزاریی خۆمان ئاراسته‌ى خه‌ڵكی گونده‌كه كرد و ته‌رمه‌كه‌مان گواسته‌وه كۆنه كه‌له‌ك، دۆزینه‌وه‌ى گۆرِى باوكم به رێككه‌وت بوو... برینى خانه‌واده‌كه‌مانى هێنایه‌وه سوىَ كه‌چی له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا چاره‌نووسی بۆمان روون بووه‌وه و ئاسووده‌یێكی پێ به‌خشین. ئێوه نازانن ئه‌وانه‌ى یه‌كێكیان لىَ ده‌خنكێت چۆن سه‌یرى ئه‌و زێیه ده‌كه‌ن... وه‌كو دو‌ژمنێك... وه‌كو دێوزمه‌یه‌ك!! برِوا ده‌كه‌ن كه‌وا خوشكێكی باوكم تا ئه‌و كاته‌ى گیانى سپارد نه‌یتوانى له ئاوى زىَ بخواته‌وه و به‌كارى بهێنێت، ئێستاكه‌ش كه‌وا به‌لاى زێ دا ره‌ت ده‌بین روومان وه‌رده‌گێرِین. زێ زۆر كه‌سی بىَ باوك و برا و خوشك كردووه *سه‌ید مه‌جید به‌رزنجى په‌یامنێرى رۆژنامه‌ى خه‌باته و بۆ گواستنه‌وه‌ى هه‌واڵى خنكان ئاماده‌یی هه‌بووه كه ته‌رمه‌كان له زىَ ده‌رهێنراون، جارى واش هه‌بووه بۆ رووماڵ كردنى هه‌واڵێك چۆته سه‌ر زىَ كه‌چى به‌سه‌ر رووداوێكى جه‌رگ برِى خنكان دا هه‌لبووه، ئه‌ویش له باره‌ى ئه‌م رووداوانه گوتى: - به‌هۆى پیشه‌كه‌م وه‌كو په‌یامنێرێك زۆر رووداوى خنكانم به چاوانى خۆم بینیووه كه دارِشتنه‌وه‌ى هه‌واڵه‌كان بۆ من زۆر زه‌حمه‌ت بوونه و ئازاریان داوم، جارێكیان بۆ كردنى راپۆرتێك له‌مه‌رِ كارى قاچاغی له‌سه‌ر رووبار‌ى زىَ بووم له ساڵى 1996... گوندى مه‌تراد كاكه‌یی شوێنى قاچاعی و گواستنه‌وه‌ى باره‌كان بوو خه‌ڵكی هه‌ولێر و خه‌بات له‌م شوێنه‌دا خه‌ریكی كاركردن بوون له‌شكرى به‌عس هێرِشی هێناو وه‌رزه‌كه‌ى زستان بوو ئاستى ئاو زۆر به‌رز ببۆوه، ئه‌وسا بۆ رزگاركردنى گیانى خۆیان ناچارى په‌رِینه‌وه بوون و من به چاوى خۆم هه‌شت كه‌سم بینی خۆیان هاویشته نێو زێ و له‌پێش چاوانمان به ئاودا رۆیشتن به‌بێ ئه‌وه‌ى بتوانین هیچ یارمه‌تیێكیان بده‌ین. هه‌ر وه‌ها دیمه‌نى ئه‌و باوك كورِه‌م له یاد ناچێت كه‌وا له ساڵى 2000 كه‌وا زێ گیانى لێیان ستاند و له‌دوایان دا ته‌نها خۆراك و ئۆتومبیله‌كه‌یان به‌جێ ما... به سه‌دان رووداوى خه‌فه‌تباری له‌و شێوه‌یه روویان داوه و هه‌تا ئێستاش رووده‌ده‌ن به‌بێ ئه‌وه‌ى هه‌وڵی بدرىَ تیمێكی كاراى گه‌رِۆك له‌و زێیه‌دا دابمه‌زرىَ تا وه‌كو به‌فریاى ئه‌و كه‌سانه بكه‌وێت كه‌وا ده‌كه‌ونه ژێر چرِنووكی ئه‌و رووباره، ئه‌و ئه‌ژدیهاكه.